رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمرۆ کە قۆناغی راسانەوە تێپەردەکات، لەکاتێکدا یادی ٢٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری میکۆنۆس دەکاتەوە، کە حیزبەکەی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی هەروا جێگای هیوای خەباتکاران و شۆرشگیرانی کوردستان و مەکۆی هیوای کچان و کوڕانی نیشتیمانە. هەرچۆنێک دکتۆر شەرەفکەندی باوەری بە خەباتی هاوبەشی نەتەوایەتی و بەرەوپێشبردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبوو، ئەمرۆ راسانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە گۆڕەپانی بەرەوپێش چوونی خەباتی یەکسانی خوازانە و رزگاری خوازی نەتەوایەتی و لاوانی کوردستان پێشرەوی بەرەوپێش چوونی ئەو خەباتە پیرۆزەن.

خوشک و برایانی خۆشەویست

میوانانی بەرێز

نوێنەرانی حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی

هاورێیانی تێکۆشەر

بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر واتە سێ ساڵ دوای تیرۆری ناجوامێرانەی دکتۆر قاسملوو، پێغەمبەری ئاشتی، تیرۆریستانی رژێمی ئێران ئەوجارە لە بەرلینی پایتەختی ئاڵمان دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال هێرش دەکەنە سەر رێبەری حیزبی دێموکرات و جێنشینی بەوەجی رێبەری زانامان دکتۆر سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب له دەرەوه، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزب له ئاڵمان و نووری دێهکوردی دۆستی کوردی لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا شەهیدیان دەکەن.

دوژمنانی کورد، کە بینیان تیرۆری قاسملوو نەیتوانی پێشی رەوتی گەشەکردنی خەباتی رزگاری خوازانەی خەڵکی کورد بگرێت و بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرانەتر لە جاران وەفادار بە رێبازی  رێبەری شەهیدیان پەرە دەستێنێت، ئەوجارە دەستیان بە پیلانی تیرۆری جێنشینی دوکتۆر قاسملوو دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی. شەرەفکەندیەک کە لەماوەیەکی کورت دا هەستی بێ قاسملوویی بە سەر حیزبی دیموکرات کەم کردبووە و هەستی باوەر بەخۆبوون و بەهێزبوونی رۆژ بە رۆژ لە ناو تاک تاکی ئەندامانی حیزبی دیموکرات و لاوانی کوردستان بەهێز دەبوو.

گەرچی جینایەتی میکۆنۆس برینێکی بەژان بوو بە جەستەی بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی، بەڵام لە ئەنجامی دادگای ناسراو بە میکۆنۆس دا ئەو کردەوەیە رسواییەکی مێژوویی بۆ رێبەرانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد و نیشانیدا کە بزاڤی نەتەوایەتی و رێبەرانی کورد گەورەترین قوربانیانی تیرۆری دەوڵەتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانن.

ئێمە لەکاتێکدا ٢٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری رێبەری شەهیدمان دەگرین، کە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی هەلومەرجێکی هەستیار تێپەر دەکات. سەدساڵ دوای دابەشکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆی پەیمانی شوومی سایکسپیکۆ پارچە پارچە کردنی کوردستان، ئەمرۆ بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا نەمازە لە باشووری کوردستان بەرەو لووتکەی ئاواتەکانی نەتەوەی کورد نزیک دەبێتەوە. رێفراندۆمی 25ی سێپتەمبری ئەمساڵ ئاکامی خەبات،فیداکاری و ڤیزیۆنی رێبەرانی شەهید و قارەمانانی ئەفسانەخولقێنی کورد و کوردستانە. دکتۆر سادق شەرەفکەندی شەهید لەو تاقانە رێبەرانە بوو کە لەسەرەتای قۆناغی راپەرینی باشوور بە هەموو شێوەیەک پشتیوان و یارمەتیدەری راپەرینی باشووری کوردستان بوو و حیزبی ژێر رێبەری ئەو رێبەرە بلیمەتە بەشداری رزگاریی کوردستان لە ژێر چەپۆکی رژێمی داگیرکاری سەددام بوو. ئەم بەها نەتەوایەتی و نشتیمانیانە ئەمرۆش وەک بایەخی نەتەوایەتی و نشتیمانی حیزبەکەمان دەبیندرێت و بۆیە حیزبی دیموکرات و هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی یەکگرتوو پشتیوانی لە رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و لەو پێوەندیەدا ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان ئەرکدار کردووە بۆ بەشداری لە چالاکیەکانی پشتیوانی لە پرۆسەی رێفراندۆمی باشووری کوردستان. چونکە لەلای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کوردستان یەک نیشتیمان و نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیە و بەشداری لە رزگاری هەربەشێک لە چوارچێوەی رێزگرتن لە تایبەتمەندیەکانی سیاسی و پێویستیەکانی ئەو بەشانە ئەرکێکی نەتەوایەتی و مرۆڤدۆستانەیە.

خوشک و برایانی خۆشەویست

٢٥ ساڵ دوای تیرۆری دکتۆر شەڕەفکەندی نەوەیەکی نوێ لە کوردستان گەشەی کردووە، نەوەیەکی پەروەردەکراو، چالاک و ئاگادار بە مافی خۆی. دکتۆر شەرەفکەندی دەیفەرموو: "با هەموومان بەشی خۆمان لە خەباتدا بەشداریی بکەین". ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرکەس بە وتەی رێبەری شەهیدمان بە پێی توانای خۆی و بەشی خۆی بەشداری لە خەبات دەکات. بوونی ئەو هەموو رێکخراوە مەدەنی و چالاکەکانی ناو کوردستاندا پانتایی خەباتی نەتەوایەتیان بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا قووڵ کردۆتەوە و کوردستانیان کردۆتە سیاسیترین و مافخوازترین بەشەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا.

دکتۆر شەرەفکەندی لەو بڕوایەدابوو کە خەبات لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی وڵات دوو باڵی باڵندەیەکن کە تەواوکەری یەکترن. ئەمرۆ بە بوونی دیاسپۆرایەکی بەهێز و چالاکی کورد لە دەرەوەی وڵات، دەتوانێت تەواوکەری ئەو ئاسۆبینیەی دکتۆر شەرەفکەندی بێت. ئێمە لە دەرەوەی وڵات ئەرکدارین بە خۆتەتارکردن، خۆ پەروەردەکردن، گەشەکردن و بەرەو پێشچوون. یەکێک لە بایەخەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە دەرەوەی وڵات بەرفراوان کردنی نفووز و دۆستایەتی لە گەڵ نەتەوە و هێزە پێشکەوتنخواز و ئاشتیخوازەکان، بەهێزکردنی کۆمەڵگای کوردستانی و پاراستنی هەستی نەتەوایەتی لە ناو نەوەی داهاتوودا. بەجێ گەیاندن و پەرەپێدانی ئەو بایەخانە لەراستیدا کارکردن لە پێناو ئەو ئاسۆیەیە کە رێبەرانی بلیمەتمان بۆ ئێمە وێنایان کردووە.

رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمرۆ کە قۆناغی راسانەوە تێپەردەکات، لەکاتێکدا یادی ٢٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری میکۆنۆس دەکاتەوە، کە حیزبەکەی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی هەروا جێگای هیوای خەباتکاران و شۆرشگیرانی کوردستان و مەکۆی هیوای کچان و کوڕانی نیشتیمانە. هەرچۆنێک دکتۆر شەرەفکەندی باوەری بە خەباتی هاوبەشی نەتەوایەتی و بەرەوپێشبردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبوو، ئەمرۆ راسانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە گۆڕەپانی بەرەوپێش چوونی خەباتی یەکسانی خوازانە و رزگاری خوازی نەتەوایەتی و لاوانی کوردستان پێشرەوی بەرەوپێش چوونی ئەو خەباتە پیرۆزەن.

دکتۆر شەرەفکەندی لەو بڕوایەدابوو کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەهێزی ئەو رژێمە نیە بەڵکوو بەهۆی پڕشوبڵاوی و لاوازی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. بۆیە هەوڵێکی لەبراننەهاتووی دەدا بۆ یەکگرتنی ریزەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وێک خستنی تواناکانی ناو بزاڤ و لەو رێگایەشدا پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی سەرانسەری لە گەڵ هێزەکانی دێموکراسی خوازی ئێران. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە خەونی ریبەرانی خۆمان لە پێناو گەشەکردنی یەکگرتوویی نەتەوایەتی و وێکگەیشتنی نیشتیمانی بەجێ بگەیەنین و رۆحیان بە خەباتی خۆمان شاد کەین.

لە ٢٥ساڵەی یادی شەهیدانی نەمر دوکتور سەعید و کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایوون ئەردەڵاندا، وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێباز و باوەڕەکانیان خۆمان ئەرکدار دەزانین بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین بگەینە ئەو ئاستەی رێبەرانی شەهیدمان چاوەروانیان لە ئێمە رێبوارانیان هەبوو بۆ ئەوەی هەم رۆحی شەهیدانمان شاد کەین و هەم وەدیهێنەری ئاواتەکانیان بین یا خود وەک ئەوان سەربەرزانە لە پێناو ئازادی و سەربەرزی دا گیانی خۆمان فیدای نیشتیمان، ئازادی، کەڕامەتی مرۆڤی و سەربەخۆیی بکەین.

سڵاو بۆ شەهیدانی کوردو کوردستان

سەرکەوتن بۆ خەباتی  رزگاری خوازانە و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان

 

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی فینلاند 23.09.2017

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان

Submit to FacebookSubmit to Google PlusSubmit to TwitterSubmit to LinkedIn

چالاکیه‌کان