درێژه‌دان به به‌رنامه‌ی نیزامی و موشه‌کی لەلایه‌ن کۆماری ئیسلامی و سه‌رپێچی کردن له به‌ڵێن‌نامه نێونەته‌وه‌ییه‌کان بۆته هۆکاری ده‌رکردنی گه‌مارۆی تازه به سه‌ر رێژیمی کۆماری ئیسلامی.

وەزاره‌تی خه‌زێنه‌داری ئامریکا روژی هەینی رێکه‌وتی ٦ گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، شه‌ش کۆمپانیای دیکه‌ی ئێرانی به لیستەی گه‌مارۆکان زیادکرد؛ ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که له یه‌ک مانگی رابردوودا که گه‌ڵاڵه‌ی گه‌مارۆی نوێ له سه‌ر ئێران چووەته کونگره‌ی ئامریکا هه‌تا ئه‌ورۆ چه‌ند خاڵێکی دیکه‌ی پێ زیادکراوه.

بەپێی دوایین هەواڵە پیوەندیدارەکان یەک رۆژ دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی "سیمرغ" له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی، شه‌ش کۆمپانیا که له دروست کردن و دابین کردنی که‌ل و په‌ل بۆ سازکردنی ئه‌و موشه‌که ده‌ستیان هه‌بووه به ناوه‌کانی : "صنایع کریمی، رستگار، چراغی، ورامینی، کلهر و امیرالمومنین " که هه‌موویان ژێر کۆمه‌ڵه‌ی کۆمپانیای " مجتمع صنایع همت" به حیساب دێن، به لیسته‌ی گه‌مارۆکان زیاد کراون.

وەزاره‌تی خه‌زێنه‌داری ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و موشه‌کەی بەکرده‌وه‌یەکی دنه‌ده‌رانه‌ و وەک هه‌ڕه‌شه‌یەک بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین زانیوە.

هەر لەم پێوەندییەدا وڵاتانی رۆژئاوایی تاقیکردنه‌وه‌ی موشه‌کی سیمرغ، به دژی رێککه‌وتننامه‌ی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌زانن و داوایان له ئێران کردووه که کۆتایی به‌و چالاکییانه بهێنێ و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که به‌رنامه‌ی موشه‌کی سیمۆرغ هەوڵێکە لەڕاستای گه‌شه‌دان به به‌رنامه‌ی موشه‌کی بالستیکی دوور هاوێژ.

له لایەکی دیکەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامی تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و موشه‌که‌ بە مافی خۆی ده‌زانێت و به وته‌ی به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئه‌و تاقیکردنه‌وه له راستای وەدەستخستنی چه‌کی ناوکی نییه، به‌ڵام وڵاتانی رۆژئاوایی له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که ئه‌و موشه‌که‌ ده‌توانێ چه‌کی ناوه‌کی هه‌ڵبگرێ و ئەمەش جێگەی مەترسییە.

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان

Submit to FacebookSubmit to Google PlusSubmit to TwitterSubmit to LinkedIn

چالاکیه‌کان