شیاوی و توانایی کوردەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیک لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی ناسەقامگیردا نابێ بە کەم بگیرێت. سەرەرای ئەوەی کە توندرەوی ئیسلامی وڵاتانی دەسەڵاتدار لە ناو کوردستانیش شوێندانەر بووە، بەو حاڵەش کوردەکان هەلومەرجی باشتریان هەیە لە دەوڵەتانی ناوچە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک.

پێتری سارڤاما*

رۆژی دوو شەممە لە ناوچەی کوردستان لە باکووری عێراق گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی رێکخرا. وڵاتی دایک واتە عێراق بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە ئەو ناوچەیە بە زۆر لە ژێر زەختی خۆیدا راگرێت، سەرەرای ئەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچەیە داوای خۆبەرێوەبەری و سەربەخۆیی دەکەن.

نەتەوەی 30 ملیۆنی کورد لەنێوان عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا دابەش کراوە. سەرەرای بوونی دەوڵەتە جیاوازەکان کوردەکان بە شێوەیەکی توخمە پێکەوە پیوەندیان هەیە و خاوەنی زمان، کولتووری زۆر تایبەت و نەریتە بەهێزەکانی خۆیانن.

 

بۆ درێژایی چەندین ساڵ هەوڵ دراوە کوردەکان لە ناو کولتوور و ناسنامەکانی دیکەدا بتوێندرێنەوە و بە ستەم و چەوسانەوە مافەکانی ئەوان پێشێل کراوە. کوردکان موسوڵمانن و کاتێک لێیان دەپرسی زۆر بەراشکاوانە رادەگەیەنن کە هیچ پیوەندیەکیان بە عەرەبەکانەوە نیە.

توندوتیژی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستان بووتە بەشێکی زۆر لە مێژووی کوردەکان و هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی یەکەمجار نیە کە لە رۆژەڤی کوردەکاندا ببێت.

لە بەرامبەر هەوڵی جیابوونەوەدا، لە رووی جوگرافیەوە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستاندا ئەوجارەش دەستیان کردۆتە بە زەخت خستن بۆ سەر کوردستان. بۆ نموونە دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە ئامادەباشیە بۆ کردەوەی سەربازی. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەوە پێشمەرگەکانی کورد بوون عێراقیان لە باکوورەوە لە هێرشی داعش رزگار کرد. ئەردۆغان لە تورکیاوە هەڕەشەی توندوتیژی دەکات بۆ سەر کوردستان ئەگەر بێت و هەوڵی سەربەخۆیی خوازی بەرەو ناو تورکیاش بڵاو بێتەوە.

کوردەکان هەروەها لە ساڵانی رابردوودا لە سووریاش لە بەرامبەر داعش خەباتیان کردووە و بۆ هەبوونی خۆیان بەرخودانیان لە خۆ نیشان داوە. هاوکات ئەوان لە پێناو هەموو وڵاتانی رۆژئاوا دژی تیرۆریزم خەباتیان کردووە. کۆمەڵگای ناونەتەوەیی قەرزاری کوردەکانە بۆ دانپێنانیان.

پرسەکە جگەلەوەی کە دادپەروەریە، پرسی قەرزی شەرەفمەندانەشە. بێگومان لەسەرەتای لەدایکبوونیدا کوردستان وڵاتێکی بەهێز و سەقامگیر نابێت، بەڵام نەتەوەی کورد شایانی دانپێنانە.

شیاوی و توانایی کوردەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیک لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی ناسەقامگیردا نابێ بە کەم بگیرێت. سەرەرای ئەوەی کە توندرەوی ئیسلامی وڵاتانی دەسەڵاتدار لە ناو کوردستانیش شوێندانەر بووە، بەو حاڵەش کوردەکان هەلومەرجی باشتریان هەیە لە دەوڵەتانی ناوچە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک.

رۆڵی کوردستانی دێموکراتیک لە داهاتوودا لە سەر ناوچە ناتوانرێ لەبەرچاو نەگیرێت. لە کاتێکدا کە ئەمریکا هەوڵی بێ ئاکامی داوە بۆ هەناردەکردنی دێموکراسی بۆ ناوچە، کوردەکان دەتوانن نموونەی ئاشتی خوازانەی دێموکراسی فێری گەلانی ناوچە بکەن.

کوردەکان بۆخۆیان هیچکات ئارامی و سەقامگیریان نەبینیوە. مێژوو ناپرسێ کە بەجێ گەیاندنی ماف چەندە ئاسانە. مێژوو پرسیار دەکات: داخوا هیچکات ئەو هەلەیان بۆ 30 ملیۆن نەتەوەی کورد درا یان نە.

 

وەرگێر: مەجید حەقی

* PETRI SARVAMAA ئەندامی پەرلەمانی ئوروپا لە وڵاتی فینلاند

سەرچاوە: بلۆگی نووسەر لە رۆژنامەی ILTASANOMAT

رێکەوت: 27.9.2017

 

 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان

Submit to FacebookSubmit to Google PlusSubmit to TwitterSubmit to LinkedIn

چالاکیه‌کان